Friday, 30 January 2015

دروستكردنی كۆمپۆست لە ماڵەوە


دروستكردنی كۆمپۆست لە ماڵەوە



(ڕێگەی بە كۆمپۆستكردنی تاكاكورای ژاپۆنی)


وەرگێڕانی: هێمن أبوبكر نعمە
                                    مامۆستای یاریدەدەر لە فاكەڵتی زانستە كشتوكاڵییەكان\ زانكۆی سلێمانی

                   (MSc. in Sustainable Agriculture and Food Security)



November 2014

Description: Photoكۆمپۆست: بریتی یە لە تێكەڵەیەك لە پاشماوەی ئەندامی ڕووەكی یان ئاژەڵی شیبۆوە, كە بەكادەهێنرێت بۆ مەبەستی باشكردنی پێكهاتەی خاك و بەپیت كردنی خاك. پرۆسەی دروستبوونی كۆمپۆست بەشێوەیەكی سەرەكی ئەنجامی  چالاكی مایكرۆ ئۆرگانیزمە هەواییەكانە. ئەتوانین بڵێین كە كۆمپۆست بە بەردی بناغەی كشتوكاڵی ئەندامی دادەنرێت.

"بۆ ئەوەی ژینگەکەمان بە پاكی ڕابگرین و بتوانین جارێكی تر پاشماوەی خۆراکی و ڕێشاڵییەكانمان بەكاربهێنینەوە و بە شێوەیەكی دروست و سودییان لێ وەربگرین ئەوا ئەتوانین ئەم ڕێگەیە بەكاربهێنین بۆ دروستكردنی كۆمپۆست و سودی لێ وەرگرین بۆ سەوز كردن و پاككردنەوەی ژینگەی دەور و بەرمان و هاوڕێیەکی باشی ژینگەکەمان بین. ئەم ڕێگەیە هەم ئاسانە و هەم خێرایە و ئەم کارە ژینگەییە لە ڕووی ئابوریشەوە بڕێك لە خەرجیت بۆ دەگەڕێنێتەوە."


- كەرەستەی پێویست بۆ بە كۆمپۆستكردنی پاشماوە ئەندامییەكان:

وەک لە پێناسەکەدا ئاماژەمان پێکرد بەكتریای ترشێنەر پێویستە بۆ پرۆسەی بە كۆمپۆستكردنی پاشماوە ئەندامییەكان. ئەمەش ئەتوانرێ لە ڕێی خواردنە ترشاوەكانەوە بەدەست بهێنرێت بۆ نمونە: ماست, ترشیات, خومرەی وشك، خەیارشور ...هتد. ئەمانە لە وڵاتی خۆمان ئاسان دەست دەكەون. 

یەکێک لەو بەكتریایانەی  کە هەڵدەستن بە تێكشكاندنی ڕیشاڵەكان ئەكتینومایسیتە،  ئەم جۆرە بەكتریایە لەسەر گەڵای ڕزیودا هەیە و بە ئاسانی ئەبینرێت بۆ نمونە لەسەر گەڵا وەریوەكانی دارستان چینێكی سپی دەبینرێت كە بریتی یە لە بەكتریای  ئەكتینومایسیتهەروەها باسیدۆمایسیت هەڵدەسێت بە تێكشكاندنی ماددە دارینەكان و ڕیشاڵە دارینەكان لە پاشماوە ئۆرگانییەكاندا، بۆ نمونە كەڕووەكان پێكهاتوون لە ڕیشاڵی باسیدۆمایسیت, لەبەر ئەوە كەڕوو بەكار دەهێنرێت لەم پرۆسەیەدا.

 ****  بۆ سەلامەتی, وا باشترە كەڕووی بازرگانی یان قارچك بەكاربهێنرێت لەم پرۆسەیەدا.


هەنگاوەكانی دروستكردنی كۆمپۆست لە ماڵەوە:


هەنگاوی یەكەم: ئامادەكردنی گیراوەی ترشێنەرە واتە هەوێن کە سەرچاوەی مایکرۆئۆرگانیزمەکانە و بۆ مەبەستی خێراکردنی پرۆسەی شیبونەوەی کۆمپۆستەکە بەکاردێت. 

ئەم هەوێنە بە دوو شێوە ئامادە دەکرێت: 

١-   خواردنی ترشاو + شەكراو

  بۆ ئەوەی بەكتریای ناو خواردنە ترشاوەكان (بۆ نمونە: ماست, ترشیات, خومرەی وشك، خەیارشور ...هتد.) كارابكرێن و بەشێوەیەكی خێرا زیاد بكەن,بڕێک لەم خواردنانە دەخرێنە ناو شەكراوەوە (شەکر وەک سەرچاوەیەکی خۆراکی بۆ مایکرۆئۆرگانیزمەکان خیراکردنی چالاکی گەشەکردن و زیادبوونیان)، ڕێژەی شەكر لە شەكراوەكەدا ئەبێت بە شێوەیەك بێت كە بتوانرێت بە تەواوی تامی شیرینی بدات

قەبارەی ئەو دەفرانەی كە خواردنی ترشاو و قارچكەكانی تێدەكرێت (تەنیا لاسكی قارچك) دیاری نەكراوە  بە پێی پێویستی خۆت ئامادەی ئەکەیت (بۆ نمونە دەبەی ڕۆن٣ یان ٥ لیتر یان ٢٠لیتری یان گەورەتر وەک دەبەی ترشیات، بە پێی پێویست) بە هەمان شێوە ڕێژەیەک بۆ بڕی خواردنی ترشاو و قارچكەكان بۆ بڕی شەکراوەکە دیاریکراو نیە  , بەڵام تا بڕێكی زیاتر خواردنی ترشاو ولاسكیقارچك و خومرە بەكاربێت لە داهاتودا پرۆسەی شیبونەوەی مادە ئەندامییەکان  خێراتر ئەبێت

دوای ئەوەی گیراوەکە ئامادە بوو و خواردنی ترشاو و لاسكیقارچك و خومرەکەی تێکرا دەمی دەفرەكە دادەخەین , بەڵام  كاتێك گاز دروست بوو لە لایەن گیراوە ترشێنەرەكەوە و دەفرەکە ئاوسا ئەوا ئەبێت دەمی دەفرەكە شل بكەینەوە بۆ ئەوەی هەواکەی دەرچێت.

، مایكرۆ ئۆرگانیزمە ترشێنەرەكان لە ماوەی ٣ بۆ ٥ ڕۆژدا زیاد دەكەن گیراوەکە ئامادە ئەبێت.  بۆ دڵنیابوون لە سەركەوتوویی پرۆسەكە بۆنی گیراوەکە بکە هەست بە بۆنێكی ترش و شیرین (وەک بۆنی ترشیاتی کوردی) ئەکەیت. بەڵام  ئەگەر  بۆنی ناخۆش بوو ئەوا پرۆسەكە سەركەوتوو نەبووە و ئەبێت دووبارە بکرێتەوە .


٢- سەوزەوات و میوە + خوێیاو 

ئەگەر خواردنی ترشاو دەست نەكەوت , مایكرۆئۆرگانیزمە ترشێنەرەكان ئەتوانرێ لەسەر ڕووی سەوزە و میوەكانەوە بە دەست بخرێن
 بۆ دروستكردنی گیراوەی ترشێنەر بەم ڕێگەیە وا باشترەسەوزە و  میوەی بەرهەمهاتووی ناوخۆ بەكاربهێنرێت (ڕەگ بەكار نایەت لەبەرئەوەی ڕەگی سەوزە هەڵگری بەكتریای زەوییە). توێكڵی میوە و سەوزە لاكتیك ئەسید و خومرەی تیایە كە ڕۆڵی پاراستنی سەوزە و میوە دەبینێت بەرامبەر هۆكارە دەرەكییەكان کە ئەتوانرێت لەم پرۆسەیەدا سودیان لێ ببینرێت.

چۆنیەتی دروستكردنی: خوێیاوەكە بگرەوە , پێویستە ١-٢% ئاوەكە خوێیاوی بێت واتە تامی وەك تامی شۆربایەكی ئاسایی وابێت.
پاشان گەڵا و توێكڵی سەوزە هەروەها توێكڵی میوەكانی تێدەكرێت ( وا باشترە میوەکان بە پارچەپارچە بكرێت) دوای ئەوەی هەموو شتەكانت كردە دەفرەكەوە , دەمی دفرەكە دادەخە هەتا گیراوەكە گاز دروست دەكات پاشان دەمی دەفرەكە شل دەكەینەوە. مایكرۆئەرگانیزمە ترشێنەرەكان لە ماوەی ٣-٥ ڕۆژدا زۆردەبن و ژمارەیان زۆر بە خێرایی زیاد دەكات.
 پێوەر بۆ سەركەوتوویی پرۆسەكە بە هەمان شێوە ئەوەیە كە بۆنێكی ترش و شیرین (وەک بۆنی ترشیاتی کوردی) لێدێت 
Description: Photo

هەنگاوی دووەم:  دروستكردنی ناوەندی ترشاندن (پێخەڤ):


توێكڵی چەڵتووك و ئاردی برنج:

گیراوەی ترشێنەر كە لە هەنگاوی یەكەمدا ئامادەمان کردووە پێویستمان ئەبێت بۆ ئامادەكردنی ناوەندی ترشاندن. 
ناوەندەكە ئامادە دەكرێت لە تێكەڵەی توێكڵی چەڵتووك و ئاردی برنج بە ڕێژەی ١:١ بەڵام لەبەر ئەوەی ئاردی برنج ئاسان دەست ناكەوێت بەهەمان شێوەی ڕێژەكانی ٢:١ یان ٣:١ گونجاون (بۆ نمونە یەک کیلۆگرام ئاردی برنج لەگەڵ ٣ کیلۆگرام  توێكڵی چەڵتووك تێکەڵ ئەکەین ) هەرچەندە ئەم کەم بەکارهێنانی ئاردی برنجە دەبێتە هۆی خاوكردنەوەی پرۆسەی شیكردنەوەی کۆمپۆستەكە. لەم حاڵەتەدا وا باشترە چڕی گیراوەی ترشێنەر بەهێزتر بكرێت بۆ زیادكردنی خێرایی پرۆسەكە وەك قەرەبوو بۆ ڕێژەی ئاردە برنجەكە.

هەرەوها بەڵمی برنج یان پوشی برنج, گەڵای وەریو, توێكڵی گوڵە گەنم, چیمەنی بڕاو, گەڵای شیبۆوە, ...هتد.
ئەمانە هەمووی ئەتوانرێ بەكاربهێنرێت لەبری توێكڵی چەڵتووك ئەگەر دەست نەکەوت.

**** بە زیادكردنی ڕێژەی ١٠% كێشی ئاردەبرنجەکە  ئاستی زیادبوونی گەشەی بەكتریاكان زیاتر دەكات.

 گیراوەی ترشێنەرەکە (هەوێن) بکە بەسەر ئەم ماددە بنچینەییانەدا و بەباشی تێكەڵییان بكە. ئەگەر پێویستی كرد ئاو زیاد بكە بۆ ڕێكخستنی ڕێژەی گیراوەكە، یان گەڵای ڕزیو زیادبكە, ئەگەر نەبوو گەڵای وەریوی زیاتر بەكاربهێنە.  ڕێژەی ئاو پێویستە لە نێوان ٤٠-٦٠% بێت.
Description: Photo

بەم شێوەیە ئەم ڕێژەی ئاوە ڕێك دەخرێت: 
 كەمێك لە ناوەندی ترشاندنەكە لە دەستتدا بگوشە، ئەبێت ئاو لە نێوان پەنجەكانتەوە دەرنەچێ لە كاتی گوشینیدا, وە كە دەستت كردەوە  كڵۆیەك دروست بكات. ئەگەر كۆمپۆستەكە كڵۆی دروست نەكرد, ئەوا ڕێژەی ئاو لە ٤٠% كەمترە, وە ئەگەر ئاو لە نێوان پەنجەكانتەوە دەرچوو ئەوە مانای وایە کە رێژەی ئاو ٦٠% زیاترە.

*  زۆر گرنگ و پێویستە كە ناو بە ناو کرداری تێكەڵاو کردن و هەڵگێرانەوەی بۆ بكرێت.
Description: Photo

پاشان پێویستە ناوەندی ترشاندنەکە دابپۆشرێت بە داپۆشەرێك  كە ڕێگە بە هاتووچۆی هەوا بدات وەك: كیسەی كاغەز, ڕۆژنامە یان فابریك (گوێنی بۆر) بۆ ڕێگری كردن لە چونە ناوەوەی مێروو. هەندێك جار لە دوای ڕۆژێك یان زیاتر بەشی ناوەوە دەست ئەكات بە گەرم بوون. ناوەندی ترشاندنەکە ئامادە دەبێت كاتێك بینرا کە چینێكی سپی لە بەكتریا لەسەر ڕووی سەرەوە زیادیكردووە.

ئەم پرۆسەیە ٣-٧ ڕۆژ دەخایەنێت. ئەگەر ڕێژەی ئاردی برنج كەمتر بوو لە تێكەڵەكەدا ئەوا لەوانەیە زیاتر بخایەنێت.
ئەم پێخەڤە کە ناوەندی ترشاندنە ئەتوانرێت وشك بكرێتەوە بۆ ئەوەی بە ئاسانی بگوازرێتەوە. هەروەها لەدوای وشك بوونەوە ئەتوانرێت بۆ ماوەیەكی زیاتر هەڵبكیرێت.

هەنگاوی سێ یەم:

چۆنیەتی  ئامادەكردنی دەفری كۆمپۆست:
- دەفر: یەكێك لە پێویستییەكان بریتی یە لە دەفرێك (واتە شوێنێ بۆ دروستکردنی کۆمپۆستەکەمان), كە پێویستە ڕێگە بە  هەواگۆڕکێ بدات وەك: سەبەتەی بازاركردن, سەبەتەی دارین, سیرامیك یان كارتۆن بۆكسیش ئەتوانرێ بەكاربهێنرێ.
ئەگەر دەفرەكە كونی گەوری تیابوو, پێویستە بە كارتۆن یان فابریك ڕوپۆش بكرێت بۆ ڕێگریكردن لە ڕژان یان چونە ناوەوەی مێروو بۆ ناو دەفرەكە.

پاشان نزیكەی ٦٠ % دەفرەكە پڕ بكە لە ناوەندی ترشاندنەکەی کە ئامادەمان کردووە  لە هەنگاوی دووەمدا . پاشان بە ڕۆژنامە یان هەر داپۆشەرێكی هەناسەدەر کە ڕێگە بە هەواگۆڕکێ بدات دایپۆشە وەك فابریك یان ڕیشاڵی ڕووەكی.
Description: Photo
- زیادكردنی پاشەڕۆی ئەندامی:
پاشەڕۆ ئەندامییەكان (هەر پاشماوەیەکی سەوزە و میوە بە بێ چەوری ) بە باشی پارچە پارچە بكە  چونکە تا پارچەكان بچوكتر بێت زووتر ئەترشێت و پاشان  ئاوی پاشەڕۆكان بگوشە بۆ ئەوەی زۆر تەر نەبێت پاشان بیخەرە ناو دەفرەكەوە و بە باشی تێكەڵی بكە.

ڕۆژی جارێك كۆمپۆستەكە تێكەڵ بكە بۆ ڕێگەدان بە بە گەیشتنی هەوا بۆ بەكتریاكان و دەفرەكە بە داپۆشراوی بەجێبهێڵە بۆ ڕێگری كردن لە چونە ناوەوەی مێروو.
Description: Photo

- ماوەی شیبونەوەی كۆمپۆستەکەمان:


ترشان و تێكشكانی ماددە ئۆرگانیەكان وەك ئەوەی پێشبینی كراوە نزیكەی ( ٢-٤ ) مانگ دەخایەنێت بۆ هەر دەفرێك كە پڕ دەبێت بە پێی قەبارەی دەفرەکە و جۆر و بڕی مادەی ئەندامی زیادکراو. هەر كە دەفرەكە پڕ بوو پێویستە بڕێك لە كۆمپۆستەكە دەربهێنرێ.

***  لەم خاڵەدا وریا بە هەموو كۆمپۆستەكە لە دەفرەكەیا دەرمەهێنە. ئەو كۆمپۆستەی بەجێ دەمێنێ ڕۆڵی ناوەندی ترشاندن ئەبینێ. ئەم ڕێگەیە لە بەرژەوەندی تۆدایە لەبەرئەوەی ڕێگەكانی هەنگاوی یەكەم و دووەمت بۆ كورت ئەكاتەوە بۆ جاری داهاتوو.

Description: Photo

- پێگەیشتن و ئامادەبوونی كۆمپۆست:

ئەو كۆمپۆستەی كە لە دەفرەكە دەر ئەهێنرێ ناتوانین ڕاستەوخۆ وەك پەیین بەكاریبهێنین لەبەرئەوەی هەندێك پاشماوەی ئەندامی بەجێ دەمێنێ لە كۆمپۆستەكەیا كە پێویستە تێك بشكێن پێش بەكارهێنانی كۆمپۆستەكە.
جا لەبەر ئەوە, پاش دەرهێنانی لە دەفرەكە پێویستە بخرێتە ناو شوێنێكی هەناسەدەری وەك كارتۆن بوكس یان كیسی كاغەزەوە و ڕێژەی ئاو لە هەمان ڕێژەی پێشووی ٤٠-٦٠% بپارێزرێت بۆ ماوەی ٢ هەفتە پێش زیادکردنی بۆ خاک و ئینجانەی گوڵەکانمان.  


لەگەڵ هیوای سەركەوتن و تەندروستییەكی باش بۆ هەموو لایەك



سەرچاوە: ماڵپەڕی ڕێکخراوی جایکای یابانی 


وە خۆم ئەم ڕێگەیەم تاقیکردۆتەوە زۆر خێراتر و سەرکوتووترە لە ڕێگاکانی تر و و زۆر گونجاوە بۆ ماڵەوە